09/08/2026
ئایا هەر پرسیارێکی ئەندازیاری دەکرێت لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە وەڵام بدرێتەوە؟!
ئەم ماوەیە زۆرجار لە گروپەکانی فەیسبووک و سۆشیاڵ میدیا بەگشتی پۆستی جۆراو جۆر دەبینم کە لە ژێر ناونیشانی ئەندازیاری و نەخشەسازی دەکرێن، تا ئێرە کێشەکە کەمە بەڵام زۆر جار پۆستەکان پرسیارێکی گرنگی ئەندازیاری دەکرێت و بەشێوەیەکی زۆر سادە لە لایەن ئەندامانی گروپەکان وەڵام دەدرێتەوە، جا چ ئەندازیار بێت یان خەڵکی ئاسایی، ئەمە نموونەی بەشێک لەو پرسیار و داواکارییانەن کە لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا داوا دەکرێن:
- پێویستم بە نەخشەی خانوێکە بۆ نموونە (10×20) بێت، کێ دەتوانێت بۆمی دروست بکات؟!
- خانوێکم هەیە دەمەوێت نهۆمێکی تری بۆ زیاد بکەم، ئایا پێویستی بە پایە و جسر هەیە؟!
- ئەگەر خانووەکەم بەم قیاسە بێت، ئایا تێچووی دروست کردنەکەی چەندە؟!
- نهۆمێکی ترم بۆ خانووەکەم دروست کردووە، چۆن تەئسیسات و دیزاینی دەکتی بۆ بکەم؟! ئەگەر دەکت دابنێم جسرەکان زەعیف نابن؟!
- خەریکی دروست کردنی خانووم، ئایا لە ژێر کۆنکرێتی سەقف نایلۆن دابنێم پێویستە؟!
- یان وێنەی خانووەکەی دادەنێت و داوای دیزاینێکی تەلارسازی دەکات.
ئەگەر سەیری ڕووکار و خوێندنەوەی پرسیارەکان بکەین زۆر بەسادەی دێنە پێش چاو بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەیان بابەتی قوڵی ئەندازیارین و بەشێکیان دەکرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەسەلامەتی مرۆڤەوە هەبێت ئەمە جگە لەوەی بەرپرسیارییەتی سەرەکی ئەندازیاریشە.
پێم وابێت ئەندازیایی تەنها ئەوە نییە کە کەسێک بڵێت ئەمە وا لێ بکە و ئەمە ئاوا بکە، لە پشت هەر بڕیارێکی ئەندازیاری کۆمەڵێک ئاڵانگاری و پرسیاری زۆر هەن.
بۆیە کاتێک هەر پرسیارێک لەشێوەی پرسیارەکانی سەرەوە و هاوشێوەکانیان دەکرێت ناتوانرێت بەتەنها لەسەر وێنەیەک یان لە کۆمێنتێکی فەیسبووک و تیک تۆک وەڵام بدرێتەوە، ئەگەر کێشەکانی ئەندازیاری بە وێنەیەک و نەخشەیەک لەسەر دەفتەرێک چارەسەر دەکرا، ئایا بوونی ئەندازیار و کۆد و ستانداردەکان ڕۆڵیان چییە؟!
سۆشیاڵ میدیا بەگشتی دەتوانرێت بۆ فێربوون و ڕێنمای وەرگرتن بەسوود بێت نەک ببێتە جێگرەوەی پشکنین و هەڵسەنگاندنی ئەندازیاری.
لەم باسەدا مەبەستم ئەوە نییە کە نابێت خەڵک پرسیاری ئەندازیاری بکات، بەپێچەوانەوە پرسیار کردن دەکرێت کار ئاسانی زیاتریان بۆ بکات بەڵام کێشەکە لەوەیە کە پرسیارێکی ئەندازیاری بکرێتە بڕیارێکی ڕاستەوخۆ بۆ جێبەجێکردن تەنها بەپشت بەستن بە کۆمێنتێک لە فەیسبووک و تیک تۆک چونکە لە پشت هەر وەڵامێک کە دەدرێتەوە شتێک هەیە کە نابینرێت (زانست + کۆد + ستاندارد + ئەزموون + بەرپرسیارییەتی)!
لە کۆتاییدا پێشنیارم بۆ ئەو کەسانەی ئەم داواکاری و پرسیارانە دەکەن ئەوەیە ئێوە دەبێت جیاوازیەکە بزانن و ڕاوێژێکی گشتی بکەن بەڵام بنەمای کارەکەتان با بڕیارێکی ئەندازیاری بێت.
"نوسین و ئامادەکردن: ئەندازیاری شارستانی (عەبدوڵڵا حەسەن برادۆستی)"