Architect Brwa Rashid - ئەندازیاری تەلارساز بڕوا ڕەشید

Call Directions Contact the business

Architect Brwa Rashid - ئەندازیاری تەلارساز بڕوا ڕەشید تەلارسازی و ژیان
دیزاینکردنی داهاتوو، پاراستنی ڕابردوو

ئایا زیرەکی دەستکرد (AI) شوێنی ئەندازیاری تەلارساز دەگرێتەوە؟!لەم ڕۆژانەدا کە شۆڕشی "زیرەکی دەستکرد" تەواوی جیهانی تەنیو...
17/09/2026

ئایا زیرەکی دەستکرد (AI) شوێنی ئەندازیاری تەلارساز دەگرێتەوە؟!

لەم ڕۆژانەدا کە شۆڕشی "زیرەکی دەستکرد" تەواوی جیهانی تەنیوە، کاتێک دەبینین بەرنامەیەک دەتوانێت لە چەند چرکەیەکدا دیزاینێکی سێ ڕەهەندی (3D)ی سەرسوڕهێنەر دروست بکات، ترسێکی گەورە دەکەوێتە دڵی خوێندکاران و تەنانەت ئەندازیارە دێرینەکانیش. زۆر کەس دەپرسن: "ئایا ئیتر تەلارسازی کۆتایی هات؟ ئایا کۆمپیوتەر شوێنمان دەگرێتەوە؟"

بۆ ئەوەی وەڵامێکی زانستی و لۆژیکیی ئەم پرسیارە بدەینەوە، با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو؛ لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەندازیاران نەخشەیان لەسەر کاغەز و بە (T-Square) دەکێشا. کاتێک بەرنامەی (AutoCAD) دروست بوو، هەمان ترس دروست بوو! خەڵک وایانزانی ئۆتۆکاد کۆتایی بە ئەندازیار دەهێنێت. پاشان بەرنامەکانی (3ds Max و Revit) هاتن، دیسان خەڵک ترسان. بەڵام ئایا ئەو بەرنامانە شوێنی ئەندازیاریان گرتەوە؟ نەخێر! بەڵکو تەنها بوونە "تووڵ" (Tool - ئامراز) بۆ ئەوەی کارەکانمان خێراتر، وردتر، و پێشکەوتووتر بکەن.

حەقیقەتە زانستییەکە ئەوەیە: زیرەکی دەستکرد (AI) لە تەلارسازیدا، تەنها قۆناغێکی نوێی "تووڵ"ـە نەک جێگرەوەی ئەقڵی مرۆڤ!

زیرەکی دەستکرد لە بنەڕەتدا (ئەلگۆریتم و داتابەیسە)، ئەو دەتوانێت بیرۆکەت بۆ دروست بکات (Generative Design)، دەتوانێت لە ٥ خولەکدا ١٠٠ جۆر فەسادت بۆ پێشنیار بکات، یان کاتەکانی ڕێندەرکردنت بۆ کورت بکاتەوە. بەڵام ئەندازیاریی تەلارسازی تەنها "کێشانی وێنەیەکی خەیاڵی و جوان" نییە!

تەلارسازیی ڕاستەقینە پڕۆسەیەکی زانستیی یەکجار ئاڵۆزە کە هیچ ئامێرێک ناتوانێت بڕیاری کۆتایی تێدا بدات؛ کۆمپیوتەر ناتوانێت بچێتە مەیدانی کارەکە (Site) و هەست بە جۆری خاکەکە و ئاراستەی ڕاستەقینەی با و خۆرەکە بکات. زیرەکی دەستکرد ناتوانێت لە یاسا ئاڵۆزەکانی شارەوانیی ناوچەیەک تێبگات. ئامێر ناتوانێت لەگەڵ خاوەن ماڵەکە دابنیشێت و لە باری دەروونی و کلتور و ئاستی ئابووریی تێبگات بۆ ئەوەی دیزاینێکی گونجاوی بۆ بکات کە جێبەجێکردنی لە ڕووی فیزیاییەوە گونجاو بێت و لەگەڵ بودجەکەیدا بێتەوە. ئامێر ناتوانێت چارەسەری ئەو کێشە کتوپڕانە بکات کە لە کاتی جێبەجێکردن لەناو پڕۆژەدا ڕوودەدەن!

لێرەدا دەگەینە گەورەترین یاسای سەردەمی تەکنەلۆجیا: (زیرەکی دەستکرد شوێنی ئەندازیاری تەلارساز ناگرێتەوە... بەڵکو ئەو ئەندازیارەی کە زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت، شوێنی ئەو ئەندازیارە دەگرێتەوە کە بەکاری ناهێنێت!)

پێویستە وەک ئەندازیار قبوڵی بکەین کە دونیای تەکنەلۆجیا وەک شەمەندەفەرێکی خێرا وایە، چاوەڕێی کەس ناکات! لە بازاڕی کاردا مانەوە بۆ ئەوانە نییە کە تەنها بەهێزن، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە "خێراترینن لە خۆگونجاندن" لەگەڵ گۆڕانکارییەکان. ئەگەر تۆ دەرگا لەسەر خۆت دابخەیت، پێداگری لەسەر ستایلە کۆنەکان بکەیت و نەیتەوێت فێری بەکارهێنانی (AI) و تووڵە نوێیەکان ببیت، ئەوا دڵنیابە لە وێستگەیەکی چۆڵدا جێدەهێڵرێیت! ئەندازیاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە شەپۆلە نوێیەکان دەقۆزێتەوە و دەیانکاتە هێزێک بۆ مەلەکردن، نەک ئەوەی لێیان بترسێت و تێیاندا بخنکێت.

بۆیە ئەی خوێندکار و ئەندازیاری ئازیز؛ لە AI مەترسە. ئەو بکوژی تۆ نییە، بەڵکو یاریدەدەرێکی زۆر خێرایە بۆ ئەوەی کاتت بۆ بگەڕێنێتەوە. کاتێک AI ئەرکە ڕۆتینییەکان و وێنەکێشانەکەت بۆ خێرا دەکات، تۆ کاتی زیاترت بۆ دەمێنێتەوە تا فۆکەس بخەیتە سەر ئەوەی کە تەنها مرۆڤ دەتوانێت بیکات: دروستکردنی فەلسەفە، هەست، ڕێکخستنی زانستی، و بونیادنانی فەزایەک کە دەروونی مرۆڤی تێدا ئارام بێت.

مرۆڤ دروستکەری ئامرازەکانە، وە دروستکەر هەمیشە لە سەرووی دروستکراوەکەیەتی!

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

حەزت بۆ هیچ بەشێک نییە؟ حەقیقەتێکی تاڵ لەسەر زانکۆ و بازاڕی کار کە کۆمەڵگە پێت ناڵێت!(بەشی ٢: هەلی کار و زانکۆ)کاتێک پۆل...
16/09/2026

حەزت بۆ هیچ بەشێک نییە؟ حەقیقەتێکی تاڵ لەسەر زانکۆ و بازاڕی کار کە کۆمەڵگە پێت ناڵێت!

(بەشی ٢: هەلی کار و زانکۆ)

کاتێک پۆلی ١٢ تەواو دەبێت، زۆربەی هەرە زۆری خوێندکاران دەکەونە ناو بۆشاییەکی گەورەوە و دەڵێن: "هیچ حەز و خولیایەکم بۆ هیچ بەشێک نییە یان نازانم بچمە چ بەشێک!" با لێرەوە پێت بڵێم: ئەمە حاڵەتێکی یەکجار ئاساییە و هیچ کێشەیەک لە عەقڵ و دەروونتدا نییە. کاتێک تۆ لەو تەمەنەدا خولیایەکی دیاریکراوت نییە، پێویستە دەستبەرداری سۆز ببیت و بە "لۆژیکێکی بوێرانەوە" بڕیار لەسەر ژیانت بدەیت. باشترین بڕیار بۆ تۆ دۆزینەوەی بەشێکە کە تەنها ئەم دوو مەرجەی تێدا بێت:
یەکەم/ لەگەڵ سروشتی کەسایەتیتدا بگونجێت.
دووەم/ داهاتوو و هەلی کاری باش بێت، و لە هەمووی گرنگتر؛ توانای ئەوەت پێ بدات ببیتە خاوەنی کاری "سەربەخۆ"ی خۆت.

بۆ دیاری کردنی ئەمەش، چەند بەشێک دیاری بکە و بە تەواوی لەسەریان بخوێنەوە زانستەکەیان چیە، ئیشیان چۆنە، داهاتیان چۆنە، ئایا بۆتۆ ئەگونجێ! لەو کەسانە بپرسە کە لە بوارەکەیا ئیش ئەکەن نەک کەسێک ناوی خۆی ناوە مامۆستا فڵانی زانکۆڵاین!

پێش ئەوەی بچینە ناو واقیعی بازاڕەوە، دەبێت ئەوە بڵێم کە من لە بەهای هیچ زانستێک کەم ناکەمەوە؛ لە هونەرەجوانەکانەوە بیگرە تا دەگاتە بەشە ئەندازیاری و پزیشکیەکان، هەموو بەشێک و هەموو زانستێک تایبەتمەندی و پیرۆزیی خۆی هەیە بۆ تەواوکاریی ژیانی مرۆڤایەتی. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە دەبێت زۆر بوێرانە قبوڵی بکەین: ئەگەر سەیری بازاڕی کار بکەین، دەبینین کۆمەڵێک بەش بەتەواوی (ئێکسپایەر - بەسەرچوو) بوون و هیچ ڕووبەرێک بۆ کارکردن نادەن بە گەنجان. بۆ نموونە؛ کاتێک کەسێک دەچێتە بەشەکانی (فەلسەفە، کوردی، عەرەبی، مێژوو، جوگرافیا... هتد)، ئەوەی لە کۆتاییدا بۆی دەمێنێتەوە تەنها پارچە کاغەزێکە کە پێی دەوترێت "بڕوانامە"، بێ ئەوەی هیچ دەرگایەکی سەربەخۆیی ئابووریی بۆ بکاتەوە.

بەڵام با بێینە سەر پرسیارە گەورەکە: چ بەشێک لەم سەردەمەدا هەلی کاری باشە؟ ڕاستگۆ بم لەگەڵتان، کاتی ئەوە هاتووە لەو "وەهمە کۆمەڵایەتییە" بێینە دەرەوە کە دەڵێت پزیشکی لوتکەی هەموو شتێکە! لە ئێستادا، بەشە ئەندازیارییەکان لە ڕووی هەلی کار و داهاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشی بەشە پزیشکییەکان کەوتوونەتەوە. تەنانەت بە بڕوای من؛ ئەندازیاریی تەلارسازی لە ئێستادا هەلی کاری زۆر زیاترە لە پزیشکیی گشتی، پزیشکیی ددان و دەرمانسازیش! پێم سەیر نییە ئەگەر شۆک ببیت، بەڵام سەیری واقیعەکە بکە؛ ئێستا تەنانەت دەرچووانی پزیشکیی گشتیش (کە لوتکەی خەونی کۆمەڵگەیە)، دوو وەجبەیان لە ماڵەوە دانیشتوون و دامەزراندنیان وەستاوە و چاوەڕێی بڕیاری حکومەتن( بە پێی وتەی خۆیان بڕوانامەکەیان هیچ سوودێکی نییە تا دامەزراندن) یان هاوڕێم هەیە پزیشکی گشتی تەواو کردووە لە کۆمەڵگەیەکی پزیشکی بەناوبانگی سلێمانی ئیشی پەرستارێک ئەکا کە پەیمانگای تەواو کردووە! واتە تۆ چارەنووست دەدەیتە دەست سیستەمێک کە کاتی ژیانت دەکوژێت. لە کاتێکدا پزیشکی ددان و دەرمانسازیش کارەکەی لە دەرەوە بووەتە کێبڕکێیەکی یەکجار قورس.

لە بەرامبەردا، ئەندازیارێکی سەرکەوتوو چاوەڕێی حکومەت ناکات تا دەرگای بۆ بکاتەوە. لەناو بەشە ئەندازیارییەکانیشدا، بەپێی خوێندنەوەی بازاڕی ئێستا، بە بڕوای من پێنج بەش لوتکەی هەلی کاریان هەیە کە بریتین لە: (تەلارسازی، شارستانی، کارەبا، میکانیک، و پڕۆگرامسازی). لەناو ئەمانەشدا "تەلارسازی" هەستەکەم لە هەموویان زیاتر بێت؛ ئەگەر تۆ تەلارسازێکی لێهاتوو و بەتوانا بیت، لەم وڵاتەدا مەحاڵە بێکار بمێنیتەوە. کۆمپانیاکان، ئۆفیسەکان، و پڕۆژەکان بەردەوام بەدوای عەقڵی تەلارسازێکی باشدان.

تێبینی/ ئەم قسانەی ئەیکەم بۆ بازاڕی ئێستایە، لەوانەیە چوار ساڵی تر کۆمپانیایەک بێ و داوای دەرچووانی هونەرە جوانەکان بکا مانگانەی بە ٢٠٠٠ دۆلار، ئەوکاتەش قسەیەکی ترمان ئەبێت!

خوێندکاری ئازیز، باوەڕ بەو قسەیە مەکە کە دەڵێت "ئەندازیار زۆر بووە و بێکارە". بازاڕ پڕە لە هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاری، بەڵام یەکجار تینووە بۆ "ئەندازیاری ڕاستەقینە". بڕیار لەسەر داهاتووت بدە بەپێی ئەوەی کێ ئازادیت پێ دەبەخشێت، نەک کێ دەتخاتە ناو قەفەزی چاوەڕوانییەوە!

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

ئەندازیاری تەلارسازی یان پزیشکی گشتی؟ چیرۆکی وازهێنانم لە پزیشکی و گەڕانەوەم بۆ خەونی منداڵیم! (بەشی ١: حەز و خولیا)بیرم...
11/09/2026

ئەندازیاری تەلارسازی یان پزیشکی گشتی؟
چیرۆکی وازهێنانم لە پزیشکی و گەڕانەوەم بۆ خەونی منداڵیم!
(بەشی ١: حەز و خولیا)

بیرمە کاتێک پۆلی ١٢م بەسەرکەوتوویی و بە نمرەیەکی بەرز تەواو کرد، ڕێک وەک هەر خوێندکارێکی تری ئێستا، کەوتمە ناو زریانێکی گەورەی دەروونییەوە. لە نێوان سێ ڕێیانێکدا وەستابووم: بچمە ئەندازیاریی تەلارسازی کە خەون و حەزی قووڵی منداڵیم بوو؟ یان بچمە پزیشکی گشتی کە کۆمەڵگە دەیگوت "پارە و ناوبانگی تێدایە"؟ یانیش بچمە پزیشکی ددان چونکە دەیانگوت "کارێکی ئاسان و خۆشە"؟!

وەک زۆربەی گەنجەکان، کەوتمە ژێر کاریگەریی ژاوەژاوی دەوروبەر. لە چەند گرووپێکی فەیسبووک پۆستم کرد و پرسیم: "پزیشکی گشتی یان تەلارسازی؟" باوەڕ بکەن کۆمێنتەکان وەک یەک دەنگیان دەدا: "بە دڵنیاییەوە پزیشکی!". دوای لێکدانەوەیەکی لۆژیکیی ڕووکەشانە و بە قسەی خەڵک، چوومە کۆلێژی پزیشکی گشتی. ساڵێکم خوێند، سوپاس بۆ خوا بە ئاستێکی زۆر باش و بە سەرکەوتوویی قۆناغی یەکەمم بڕی. بەڵام... چ تەواوکردنێک؟! لە دەرەوە سەرکەوتوو بووم، بەڵام لە ناوەوە بەردەوام دادگایەک لە مێشکمدا دەیپرسی: "ئایا من بۆ ئێرە دروست کراوم؟ ئایا ئەمە ئەو شوێنەیە کە ڕۆحمی تێدا ئارام دەبێت؟".

لێرەدا گەیشتمە گەورەترین حەقیقەتی ژیانم؛ تێگەیشتم ئەگەر خودا ڕۆحی "هونەر، خەیاڵ، و دیزاین"ی لە ناخدا چاندوویت، مەحاڵە بتوانیت لەناو بۆنی دەرمان و ڕاڕەوی نەخۆشخانەکاندا بیشاریتەوە تەنها لەبەر ئەوەی خەڵک چەپڵەت بۆ لێدەدەن! بۆیە بوێرانەترین بڕیاری ژیانمم دا؛ وازم لە پزیشکی هێنا و گەڕامەوە بۆ باوەشی خەونەکەی منداڵیم. ئەمڕۆ، دوای پێنج ساڵ خوێندنی تەلارسازی و دەرچوونم، سوپاس بۆ خودا لەوپەڕی ئاسوودەیی دەروونیدام؛ لەگەڵ کارەکەم، لەگەڵ نازناوەکەم، و لەگەڵ هەموو ئەو فەزایەی تێیدا دەژیم.

بەڵام با بپرسین: بۆچی شوێنکەوتنی "حەز و خولیا" هێندە گرنگە؟ کۆمەڵگەی ئێمە خولیا وەک شتێکی منداڵانە سەیر دەکات، بەڵام لە دەروونناسیی مۆدێرن و زانستی بەڕێوەبردنی سەردەمدا، حەز (Passion) تەنها ئارەزوویەک نییە، بەڵکو "تاقە بزوێنەر و دژەگولـلە"یە بەرامبەر بە نەخۆشیی سەدەی بیست و یەک کە پێی دەوترێت (سووتانی پیشەیی-Burnout)! ئەگەر پیشەکەتت خۆشنەوێت، ڕەنگە بۆ ساڵێک یان دووان بتوانیت بەرگەی قورسییەکەی بگریت لەپێناو پارە یان ناو، بەڵام بۆ ٤٠ ساڵی داهاتووی تەمەنت، بەیانیان هەستان لە خەو بۆ کارێک کە ڕۆحت نایەوێت، دەبێتە دۆزەخێکی دەروونی و وێرانتبوون. وەک ستیڤ جۆبس بە جوانی دەڵێت: "تاقە ڕێگە بۆ ئەوەی کارێکی مەزن بکەیت، ئەوەیە کە ئاشقی ئەوە بیت کە دەیکەیت."

ئەم حەقیقەتە مۆدێرنە، پێشتر لە فەلسەفەی ئیسلامیدا بە قووڵترین شێوە وەسف کراوە. خوای گەورە لە قورئاندا یاسایەکی گەردوونی پێداوین: {قُلْ كُلٌّ يَعْمَلُ عَلَىٰ شَاكِلَتِهِ} (بڵێ: هەر مرۆڤێک بەپێی پێکهاتە و ئاراستەی ناوەوەی خۆی کار دەکات).
هەروەها ئیمامی غەزالی لە شیکردنەوەی دڵی مرۆڤ و ئارامیدا گەورەترین حیکمەتمان پێ دەبەخشێت و دەفەرموێت: "السعادةُ في أن تَصْرِفَ قُوَّتَكَ في ما خُلِقْتَ لَهُ" (بەختەوەری و ئارامیی ڕاستەقینە لەوەدایە کە هێز و وزەی خۆت لەو شتەدا خەرج بکەیت کە بۆی دروست کراویت).
وە (ئیبن قەییم)یش دەفەرموێت: "ئەگەر مرۆڤ خرایە سەر ڕێگایەک کە لەگەڵ سروشتی ناخیدا نەگونجێت، ئەوا ڕۆحی وشک دەبێت و هەرگیز بەرهەمێکی ڕاستەقینەی نابێت."

بۆیە ئەی خوێندکاری ئازیز؛ گەورەترین زوڵمێک کە لە خۆتی بکەیت ئەوەیە، نمرەکەت بکەیتە بکوژی حەزەکانت و خۆت بکەیتە کۆیلەی چەپڵەی خەڵک! نمرەی ٩٩ واتای ئەوە نییە کە تۆ ناچاریت ببیتە پزیشک. نمرە تەنها "کلیلێکە" پێت دراوە، بەڵام بڕیاری ئەوەی کام دەرگای پێ دەکەیتەوە، تەنها و تەنها مافی خۆتە.

پزیشکێکی دڵتەنگ کە لە ژێر پەستانی نمرەدا چووەتە ئەو بەشە، کارەساتە بۆ چارەسەری مرۆڤەکان و تەنها وەک ئامێرێکی بێ ڕۆح مامەڵە دەکات! ئەندازیارێکی بێ خولیاش، تەنها وێرانە و قەفەز بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات!

کاتێک فۆڕمی زانکۆلاین پڕ دەکەیتەوە، گوێ لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا و خەونی نەهاتووەدیی خێزانەکەت مەگرە. بزانە تۆ بۆ سارێژکردنی جەستە دروست کراویت، یان بۆ بونیادنانی فەزا و ژینگەی مرۆڤ؟ بەدوای قیبلەنمای دڵتدا بڕۆ، چونکە ئەو پیشەیەی بە عەشقەوە دەیکەیت، تەنانەت ئەگەر تێیدا ماندووش بیت، هەرگیز تێیدا دۆڕاو نابیت!

لە بەشی دواتردا باسی هەلیکار و داهاتوو و داهات ئەکەم بۆ بەشەکانی زانکۆ....

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

ژیان و تەمەن و هاوڕێیەتیئەمڕۆ کە لاپەڕەیەکی تری تەمەنم هەڵدایەوە و بە فەرمی پێم نایە ناو ٢٦ ساڵییەوە، لەبەردەم ئاوێنەی ک...
03/09/2026

ژیان و تەمەن و هاوڕێیەتی

ئەمڕۆ کە لاپەڕەیەکی تری تەمەنم هەڵدایەوە و بە فەرمی پێم نایە ناو ٢٦ ساڵییەوە، لەبەردەم ئاوێنەی کاتدا گەیشتمە حەقیقەتێکی یەکجار قووڵ ؛ تێگەیشتم کە تەمەن تەنها ژمارەیەک نییە بۆ پێوانەکردنی ڕۆژەکان، بەڵکو گەورەترین و هەستیارترین پڕۆژەیە بۆ بونیادنانی ڕۆح. کاتێک مرۆڤ تەمەنی هەڵدەکشێت و عەقڵی پێدەگات، بە ڕوونی دەبینێت کە گەورەترین سەرمایەی ژیان، زۆریی ساڵەکان و قەرەباڵغیی دەوروبەر نییە، بەڵکو جۆری ئەو عەقڵ و ڕۆحانەن کە دەبنە هاوسەفەر و کۆڵەکەی ئەم تەمەنە.

لە بیستەکاندا و لەم سەردەمەدا کە هەموو شتێک بە خێرایی تێدەپەڕێت و پەیوەندییە ساختەکان زۆر بوون، گەورەترین دەستکەوت ئەوەیە بتوانیت لەناو ئەو هەموو ژاوەژاوەدا،
ئەو ڕۆحانە بدۆزیتەوە کە لەگەڵ جەوهەری تۆدا یەکدەگرنەوە و دەتوانیت بەبێ ماسک لە تەنیشتیاندا دابنیشیت. لە ڕووی زانستی دەروونناسی و فەلسەفەی بوونەوە، یاسایەک هەیە کە پێمان دەڵێت: مێشکی مرۆڤ وەک ئیسفەنج وایە، بێ ئەوەی هەست بکەیت، شێوازی بیرکردنەوە، ئامانجەکان، و تەنانەت ئاستی ئارامیی ئەو کەسانە هەڵدەمژێت کە زۆرترین کاتت لەگەڵیاندا بەسەر دەبەیت. ئەگەر لەگەڵ کەسانێک دابنیشیت کە خەونیان گەورەیە و دڵیان ساغە، ئەوا وەک بزوێنەرێک دەتکێشن بەرەو لوتکە، بەڵام ئەگەر هاوڕێکەت وێرانکەر بێت، دواجار دەتباتە ناو زەلکاوی بێئامانجییەکەی خۆیەوە و تەمەنت لێ دەدزێت.

ئەم حەقیقەتە زانستییە، ڕێک هەمان ئەو پەیامە ڕۆحییەیە کە پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) بەر لە ١٤٠٠ ساڵ بە یەک ڕستەی یەکجار قووڵ بۆی کێشاوین و دەفەرموێت: «الْمَرْءُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ، فَلْيَنْظُرْ أَحَدُكُمْ مَنْ يُخَالِلْ» (مرۆڤ لەسەر دین و ڕەوشتی نزیکترین هاوڕێکەیەتی، بۆیە با هەر یەکێکتان بەوردی سەیر بکات کێ دەهێنێتە ژیانیەوە).

(ئیمامی غەزالی) لە پەڕتووکی 'إحياء علوم الدين'دا زۆر بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر ئەم فەلسەفەیەی هاوڕێیەتی و گەورەترین هۆشداریمان پێدەدات کاتێک دەفەرموێت: "هاوڕێیەتیی کەسێک مەکە کە ئارەزووی دونیا لەلای گەورەترە لە ئارامیی باڵا و ئاخیرەت، چونکە سروشتی مرۆڤ دزەپێکەرە (الطَّبْعُ سَرَّاقٌ)! بێ ئەوەی خۆت بزانیت، ڕۆحت سیفەتە خراپەکانی ئەو هەڵدەمژێت و دەیدزێت." هەروەها زانایانی تەسەوف و حەکیمەکان دەفەرموون: "هاوڕێیەتی ئەو کەسە مەکە کە قسەکانی بەرەو لای خودا و ئارامیت ناگەیەنێت، و حاڵ و کردەوەکانی وزەت پێ نابەخشێت." لێرەدا تێدەگەین کە
هاوڕێیەتی تەنها کات بەسەربردن و پێکەنینێکی ڕووکەش نییە، بەڵکو گەورەترین بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە ڕۆحت. هاوڕێی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەیت، ئارامی (سَكِينَة) دەڕژێتە دڵتەوە و دەبێتە پردێک بۆ نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، نەک دەرگایەک بۆ وێرانکردنی ناخت.

بۆیە کاتێک تەمەنت هەنگاو دەنێتە ناو ٢٦ ساڵییەوە، ئیتر حەز بە دروستکردنی قەرەباڵغیی بێمانا ناکەیت. چاوت تەنها بەدوای ئەو ڕۆحانەدا دەگەڕێت کە وزەت پێ دەبەخشن. لەبری ئەوەی تەنها ئاهەنگ بۆ تێپەڕبوونی ساڵێک بگێڕم، دەمەوێت لەم ڕۆژەدا سوپاسگوزاری ئەو زاتە بم کە تا ئەم چرکەساتە دەرفەتی بیرکردنەوە و ژیانی پێ بەخشیوم. وە سوپاس بۆ نیعمەتی ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە ناو ژیانمانەوە، نەک بۆ ئەوەی کاتمان لێ بدزن، بەڵکو بۆ ئەوەی ببنە ڕووناکی بۆ عەقڵمان و ئارامی بۆ سەفەری تەمەنمان.
وێنەکەش خۆم و برای ئەزیزم `ئەندازیار ڕامان`ە بە دەموچاوێکی ماندووەوە لەکاتی گەڕانەوەمان لە کار لەدوای مەغریبەوە هاوکات ئەم برایەم یەکێکە لە تایبەتترین ئەو مرۆڤانەی ناسیومن تا ئێستا.

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

پیرۆزباییەک و پەیامێک بۆ سەرۆکی نوێی سەندیکای ئەندازیاران؛ بەرەو "بونیادنانەوە" و بەدەستهێنانی شکۆ! سەرەتا جوانترین پیرۆ...
02/09/2026

پیرۆزباییەک و پەیامێک بۆ سەرۆکی نوێی سەندیکای ئەندازیاران؛ بەرەو "بونیادنانەوە" و بەدەستهێنانی شکۆ!

سەرەتا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز (د. محەمەد تاهیر) دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان. وەرگرتنی ئەم پۆستە تەنها دەستکەوتێک نییە، بەڵکو "ئەمانەت" و بەرپرسیارێتییەکی یەکجار قورسە لەبەردەم هەزاران ئەندازیاردا کە ساڵانێکە لەوپەڕی نائومێدیدا چاوەڕێی گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکەن.
وەک ئەندازیارێک، دەمەوێت لەبری دروشم، دەست بخەمە سەر چەند خاڵێکی چارەنووسساز کە هیوادارین ببنە نەخشەڕێگای سەرۆکایەتیی نوێ:

خاڵی یەکەم:
سەندیکا، لە "وەگرگری ئابوونە"وە بۆ "پاڵپشتی و خزمەتگوزار": کاتی ئەوە هاتووە لە عەقڵیەتی کۆن بێینە دەرەوە و سەیرێکی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی
پێشکەوتوو بکەین. لەو وڵاتانەدا، سەندیکای ئەندازیاران وەک "حکومەتێکی بچووک" وایە بۆ ئەندامەکانی! کاتێک ئەندازیارێک ناسنامەی سەندیکای لە گیرفاندایە، هەست بە شکۆ و پاڵپشتییەکی گەورە دەکات. ئێمە پێویستمان بە سەندیکایەکە کە (ئۆفەری تایبەت) بۆ ئەندازیاران دابین بکات؛ وەک:
١. دیاریکردنی ستانداردی نرخ:
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی تەلارسازان و ئەندازیاران لە کوردستان ئەوەیە کە خەڵکێک پەیدا بووە دیزاین و سەرپەرشتی بە "نرخێکی یەکجار هەرزان و پێکەنیناوی" دەکات، کە ئەمەش بەهای ئەندازیار دەشکێنێت. لە وڵاتانی تر، سەندیکا "لیستی نرخی ستاندارد" بڵاو دەکاتەوە و جێبەجێکردنی دەکاتە یاسا؛ واتە هیچ ئەندازیارێک بۆی نییە لەو نرخە کەمتر دیزاین بکات یان واژۆ لەسەر پڕۆژەیەک بکات، ئەگەر بیکات سزا دەدرێت. ئەمە شکۆ بۆ نرخ و ماندووبوونی ئەندازیار دەگێڕێتەوە، وە نە هێشتنی دەستی بەڵێندەر (مقاول) کە کاری ئەندازیار ئەکەن یا هەرکەسێکی تر کە دەسی خستووەتە ئەو بوارەوە.
٢. سندوقی خانەنشینیی سەربەخۆ: بڕینەوەی موچەی خانەنشینی بۆ ئەو ئەندازیارانەی کە فەرمانبەری حکومی نین و
تەنها لە کەرتی تایبەت کار دەکەن.
٣. پاڵپشتیی یاسایی بێبەرامبەر: دابینکردنی پارێزەری سەندیکا بەخۆڕایی بۆ وەرگرتنەوەی مافی خوراوی ئەندازیاران لە کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکان.
٤. پۆرتاڵی فەرمی بۆ هەلی کار: ناچارکردنی کۆمپانیاکان کە دەبێت هەلی کار لە ڕێگەی سەندیکاوە ڕابگەیەنن، لەگەڵ دیاریکردنی لانی کەمی موچە بۆ ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردن.
٥. قەرزی بێ سوود: پێدانی قەرزی ئاسانکاری بە ئەندازیارە گەنجەکان بۆ کردنەوەی ئۆفیسی تایبەتی خۆیان.
٦. بیمەی تەندروستی (دڵنیایی): دابینکردنی بیمەی تەندروستیی گشتگیر بۆ ئەندازیار و خێزانەکەی.
٧. پڕۆژەی نیشتەجێبوون: دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن تەنها بۆ ئەندازیاران.
٨. دابینکردنی سۆفتوێرەکان: دابینکردنی لایسنس بۆ بەرنامەکانی (AutoCAD, Revit, 3ds Max...) بەخۆڕایی یان بە داشکاندنی گەورە.
٩. داشکاندن بۆ لاپتۆپ و ئامێر: ڕێککەوتن لەگەڵ بریکارە تەکنەلۆجییەکان بۆ کڕینی کۆمپیوتەری گرانبەها بە قیست و داشکاندنی تایبەت.
١٠. یانەی تایبەتی ئەندازیاران (Clubs): دروستکردنی یانەی کۆمەڵایەتی و وەرزشی بۆ پشوودان، کە تەنها بە ناسنامەی
سەندیکا ڕێگەپێدراو بێت.
١١. داشکاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان: داشکاندنی فەرمی لە نەخۆشخانە، هێڵی ئاسمانی، و مۆڵەکان لە کاتی پیشاندانی ناسنامەی سەندیکا.
١٢. بەنێودەوڵەتیکردنی ناسنامەکە:
ئێستا ناسنامەی سەندیکای کوردستان لە دەرەوەی وڵات هیچ بەهایەکی نییە. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، سەندیکای ناوخۆیی ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوە زەبەلاحەکانی جیهان (وەک پەیمانگای تەلارسازانی ئەمریکی AIA، یان کۆمەڵەی ئەندازیارانی مەدەنی ASCE). ئەمە وادەکات ئەندازیار هەر کە بووە ئەندامی سەندیکای وڵاتەکەی، ئۆتۆماتیکی بڕوانامە و ناسنامەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاری پێ بکرێت و بتوانێت لە دەرەوەش کار بکات.
١٣. خولە نێودەوڵەتییەکان (CPD): هێنانی شارەزایانی بیانی و کردنەوەی خولی پڕۆفیشناڵ بە سپۆنسەری و تێچووی سەندیکا.
١٤. پڕۆژەی ڕاهێنەرایەتی (Mentorship): ڕاسپاردنی ئەندازیارە دێرینەکان بۆ ڕاهێنان و ئامادەکردنی ئەندازیارە تازە دەرچووەکان بۆ ناو بازاڕی کار...... هتد.
زۆر خاڵی تر هەن، گەر سوودی هەبێ ئەتوانم بە پڕۆژە یاساک ئەم خاڵانە و چەندین خاڵی تر بە هەموو وردەکاریەکەوە بنوسم و پێشکەشی بکەم.

خاڵی دووەم:
پاراستنی ئەندازیار لە دڕندەیی کەرتی تایبەت و سەلامەتی: ئێستا لە کوردستان، ئەندازیار لە کەرتی تایبەتدا گەورەترین ستەمی لێ دەکرێت؛ بە موچەیەکی کەم و بێ هیچ زەمانەتێک (وەک زەمانەتی خانەنشینی و ڕووداوەکانی کارکردن) ماندوو دەکرێت و هەندێک جاریش دەبێتە قوربانیی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی (سەیفتی). سەندیکا دەبێت ببێتە شمشێرێک بۆ سەپاندنی (لانی کەمی موچە - Minimum Wage) و پاراستنی گیانی ئەندازیار لە پڕۆژەکاندا.

خاڵی سێیەم:
کۆتاییهێنان بە کارەساتی "دوو ماڵی" و لێکترازان: گەورەترین برین کە ساڵانێکە جەستەی ئەندازیاریی لەم وڵاتەدا ئیفلیج کردووە، ئەو "لێکترازان و دووبەرەکییە"یە کە لە نێوان (سەندیکای ئەندازیاران) و (یەکێتی ئەندازیاران)دا هەیە. خەونی یەکەمی هەموو ئەندازیارێک ئەوەیە کە بەڕێزتان ببنە پردی یەکگرتنەوەی ئەم دوو جەمسەرە، تا ئەندازیارانی کوردستان ببنەوە خاوەنی یەک ماڵ، یەک بڕیار، و یەک دەنگی بەهێز بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان.

هیوادارین قۆناغی داهاتوو، قۆناغی بونیادنانەوەی شکۆی ئەندازیار بێت. مێژوو تەنها ئەو کەسانە لەبیر ناکات کە لە قەیرانەکاندا دەبنە فریادڕەس. سەرکەوتوو بن لەم ئەرکە قورسەدا، و دەستی هاوکاریی هەموو ئەندازیارێکی دڵسۆزیش لەگەڵتان دەبێت بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە!

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

١٢ی ڕەبیعولئەوەل؛ ئەو ڕۆژەی  "ئەندازیاری ڕۆح" نەخشەی وێرانبووی مرۆڤایەتیی ڕاستکردەوە! 🕊️🕋ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەینە...
26/08/2026

١٢ی ڕەبیعولئەوەل؛ ئەو ڕۆژەی "ئەندازیاری ڕۆح" نەخشەی وێرانبووی مرۆڤایەتیی ڕاستکردەوە! 🕊️🕋

ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەینەوە، دەبینین پڕن لە ناوی پاشا و فیرعەون و ئیمپراتۆرەکان کە هەموو تەمەن و سامانی خۆیان تەرخان کرد بۆ دروستکردنی قەڵای زەبەلاح، هەرەمە بەرزەکان، و باڵەخانە مەزنەکان و دەسەڵاتی زیانر و زیاتر و داگیرکاری زیاتر زیانر بۆ ئەوەی ناویان بە نەمری بمێنێتەوە، بەڵام حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە کە پاش چەند سەدەیەک، هەموو ئەو شاخە بەردینانە بوون بە کەلاوە و خەڵکەکەی ناویانیان لەبیر کرد! بەڵام دوێنێ، گەردوون یادی لەدایکبوونی زاتێک دەکاتەوە کە لە تەواوی تەمەنیدا تاقە یەک کۆشکی لە بەرد و خشت دروست نەکرد، ژوورەکەی لە قوڕ و گەڵای خورما بوو، هیچ کاتێک هەوڵی دەسەڵات و پارەی نەدا بەڵام گەورەترین و سەختترین پڕۆژەی ئەندازیاریی لە مێژووی بووندا ئەنجامدا؛ ئەویش پڕۆژەی "بونیادنانەوەی ناخی مرۆڤ" بوو! پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) هات بۆ ناو کۆمەڵگەیەک کە لە ڕووی ژیانەوە ڕەنگە سادە بووبن، بەڵام لە ڕووی ڕۆحییەوە ژیانیان هێندە شێوابوو کە بەهای مرۆڤیان خستبووە ژێر پێ، نەفس و ئیگۆ (Ego) ببوونە پەرستراو، و دڵەکان لە تاریکترین قۆناغی وەهمدا بوون. ئەو نەهات بۆ ئەوەی بتەکانی دەوروبەری کەعبە بشکێنێت، بەڵکو وەک گەورەترین پزیشک و تەلارسازی دەروون، هات تا سەرەتا بتەکانی ناو "عەقڵ و دڵ"ی مرۆڤ بشکێنێت، چونکە دەیویست پێمان بڵێت: تا بناغەی دڵ لە ڕق، لووتبەرزی، و جیاوازیی چینایەتی پاک نەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانیت کۆمەڵگەیەکی ئارام بونیاد بنێیت.

لەم سەردەمەی ئێستاماندا، کاتێک سەیری شارەکانمان دەکەین، دەبینین لە ڕووی ئەندازیاریی ماددییەوە گەیشتووینەتە لوتکە؛ باڵەخانەی شوشەیی، تاوەری هەوربڕ، و تەکنەلۆجیای خێرا هەموو شوێنێکی گرتووەتەوە، بەڵام کارەساتە کوشندەکە ئەوەیە کە لەناو ئەم هەموو کۆشکە پێشکەوتووانەدا، مرۆڤی مۆدێرن خاوەنی "وێرانترین و تەنیا‌ترین ڕۆح"ـە! ئێمە فەساد و ڕووکاری دەرەوەمان زۆر جوان کردووە، بەڵام لە ناوەوە خەریکە دەخنکێین. بۆچی؟ چونکە ئێمە ئەو "نەخشەڕێگا" (Blueprint)ـیەمان فڕێداوە کە ئەو زاتە بۆ ئارامیی دەرونی ئێمە جێی هێشتبوو! خودای گەورە لە قورئاندا کڕۆکی پڕۆژەکەی پێغەمبەرمان بۆ کورت دەکاتەوە و دەفەرموێت: {وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ} (ئێمە تۆمان نەناردووە مەگەر وەک ڕەحمەت و میهرەبانییەک بۆ هەموو جیهانیان). بەڵێ، میهرەبانی! ئەو کەرەستە سەرەکییەی کە ئەگەر لە دروستکردنی هەر خێزان و کۆمەڵگەیەکدا دەربهێنرێت، باڵەخانەکان دەبنە قەفەزی ئاسنین بۆ ئازاردانی یەکتر.

پێغەمبەر (د.خ) بە حیکمەتە قووڵەکانی، نەخشەی ژیانی ئێمەی داڕشتەوە کاتێک فەرمووی: «إِنَّمَا بُعِثْتُ لِأُتَمِّمَ مَكَارِمَ الأَخْلَاقِ» (نێردراوم تا جوانترین ڕەوشتەکان لە مرۆڤدا کامڵ بکەم). ئەو فێری کردین کە سەرمایەی ڕاستەقینەی تۆ ئەو ئۆتۆمبێل و خانووە نییە کە نمایشی دەکەیت، بەڵکو ئەو دڵە ساغەیە کە هیچ ڕقێکی تێدا هەڵنەگرتووە. فێری کردین گەورەترین سەرکەوتن ئەوە نییە خەڵک چەپڵەت بۆ لێبدەن، بەڵکو ئەوەیە لە کاتی تووڕەییدا بتوانیت دەرگایەک لەسەر نەفسی خۆت دابخەیت.

بۆیە، با ئەمڕۆ کە یادی لەدایکبوونی ئەم پێشەوا مەزنەیە، تەنها ڕۆژێک نەبێت بۆ خواردنی شیرینی و بڵاوکردنەوەی پۆستێکی کاتی! با بیکەینە وێستگەیەکی قووڵی فەلسەفی بۆ "هەڵسەنگاندنەوەی بینای ناخمان". سەیری قووڵایی دڵت بکە؛ ئایا دیزاینەکەی لەسەر لێخۆشبوون و سادەیی محەمەدی (د.خ) بونیاد نراوە؟ یان پڕ بووە لە فەسادی درۆینە، کینە، و پەلەکردنی سەردەم؟ با لەم یادەدا، پەردەکانی ژووری دڵمان لابدەین، و ڕێگە بدەین تیشکی سوننەت و ئەخلاقەکانی ئەو زاتە بێتە ناو ژیانمانەوە، چونکە ئەو تاکە ڕووناکییەیە کە دەتوانێت لەم تاریکستانەی سەردەمدا، ئارامی (سَكِينَة) بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ماڵ و ڕۆحە ماندووەکانمان. 🤍✨

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

ئەندازیارێک نەگەڕایەوە ماڵەوە.... کارەساتی نەبوونی سەیفتی لە پڕۆژەکان 🏗️💔بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمڕۆ هەواڵی دڵتەزێن...
23/08/2026

ئەندازیارێک نەگەڕایەوە ماڵەوە.... کارەساتی نەبوونی سەیفتی لە پڕۆژەکان 🏗️💔

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمڕۆ هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی هاوپیشەمان ( ئەندازیار محمد احمد صالح)، ئەندازیارێکی گەنج، لە یەکێک لە پڕۆژەکانی شاری سلێمانی لە کاتی کارکردندا پێگەیشت. (إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ). لە ناخەوە پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری دەکەم. خودای گەورە جێگەی بەهەشت بێت و سەبووریی دڵی دایک و باوکی بدات. ئەمە تەنها لەدەستدانی ئەندازیارێک نییە، بەڵکو کوژانەوەی خەون و داهاتووی گەنجێکە کە دەیویست وڵاتەکەی ئاوەدان بکاتەوە.

بەڵام... لەپشت ئەم کارەساتە دڵتەزێنەوە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵ و کوشندە هەیە کە دەبێت ئیتر بە دەنگی بەرز قسەی لەسەر بکەین؛ ئەویش پرسی "سەلامەتیی پیشەیی" یان (Safety)ـە لە پڕۆژەکانی کوردستاندا. تا کەی خوێنی گەنجەکانمان، ئەندازیاران و کرێکارانمان هێندە هەرزان بێت؟!

کارەساتەکە لەوەدایە، ئێستا لە کوردستان تەنانەت ئەو پڕۆژە و کۆمپانیایانەش کە بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە "زۆر پڕۆفیشناڵن و گرنگی بە سەیفتی دەدەن"، تێگەیشتنیان بۆ سەلامەتی تەنها لە "کڵاوێکی پلاستیکی و هێلەکێکی فۆسفۆری"دا کورت کردووەتەوە! وا دەزانن ئەگەر ئەندازیارێک یان کرێکارێک ئەم دوو پارچەیەی لەبەر کرد، ئیتر لە یاساکانی فیزیا و هێزی کێشکردنی زەوی پارێزراوە!

کڵاو و هێلەک تەنها ڕووکارن، نەک سیستەمی پاراستن. کڵاو بۆ پاراستنە لە کەوتنەخوارەوەی تەنێکی بچووک بۆ سەر سەرت، نەک بۆ پاراستنی گیانت کاتێک لە چەندین مەترەوە دەکەویتە خوارەوە!
ئەی کوا کەرەستەکانی پاراستنی ڕاستەقینە؟
کوا قایشی خۆبەستنەوە و هەڵواسین (Safety Harness)؟
کوا تۆڕی پاراستن لە ژێر بەرزاییەکان (Safety Nets)؟
کوا پەرژین و سیاجی ڕێکوپێکی کاتی لە لێواری قاتی باڵەخانەکان و چاڵی ئەسانسۆرەکان؟

ئێمە باڵەخانەی بەرز و پڕۆژەی دەیان ملیۆن دۆلاری دروست دەکەین، بەڵام خاوەن پڕۆژەکان ئامادە نین چەند سەد دۆلارێک خەرج بکەن بۆ کڕینی کەرەستەی ڕاستەقینەی پاراستنی گیانی ئەو مرۆڤانەی کە ئەو باڵەخانانە دروست دەکەن! سیستەمی سەرمایەدارییەکی کوێرانە وای کردووە خێرایی کارکردن و قازانج، بخرێتە پێش گیان و کەرامەتی مرۆڤەوە. لە کاتێکدا لە ڕوانگەی ئایینی و مرۆڤایەتییەوە، پاراستنی نەفس (حفظ النفس) لە پێش هەموو دروستکردنێکەوەیە.

با مەرگی ئەم ئەندازیارە گەنجە تەنها نەبێتە هەواڵێکی کاتی و سبەی لەبیر بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەندیکای ئەندازیاران و خودی ئەندازیاران خۆیان هەڵوێستێکی جدی وەربگرن و مەرجی سەلامەتیی ڕاستەقینە بسەپێنن، نەک سەیفتییەکی ساختە و نمایشکاری. نابێت ڕێگە بدەین بونیادنانی نیشتیمان، لەسەر حیسابی وێرانبوونی ماڵ و خێزانی گەنجەکانمان بێت.

ڕۆحت شاد بێت هاوپیشەی ئازیز...

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

دادگاکانی سۆشیاڵ میدیا؛ کاتێک وشەکانت دەبنە پەتی سێدارە بۆ خنکاندنی کەرامەت! ⚖️🩸(بەشی ٢)لە ڕابردوودا، بۆ ئەوەی کەسێک داد...
22/08/2026

دادگاکانی سۆشیاڵ میدیا؛ کاتێک وشەکانت دەبنە پەتی سێدارە بۆ خنکاندنی کەرامەت! ⚖️🩸
(بەشی ٢)

لە ڕابردوودا، بۆ ئەوەی کەسێک دادگایی بکرێت و سزای بەسەردا بسەپێنرێت، پێویست بە دادوەر، بەڵگە، شایەتحاڵ و لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن دەکرا. بەڵام کارەساتی سەردەمی مۆدێرن ئەوەیە کە ئێستا هەر کەسێک مۆبایلێکی زیرەک و ئەکاونتێکی ساختەی پێ بێت، خۆی دەکاتە دادوەری ڕەها! ڕۆژانە لە سۆشیاڵ میدیادا دەیان "دادگای مەیدانی" دروست دەکەین، بە بێ هیچ بەڵگەیەک پەتی سێدارە دەخەینە ملی کەرامەتی یەکتر، و زۆر بە ئاسانی مۆری خیانەت، جاشایەتی، و بێڕەوشتی دەدەین لە ناوچەوانی هەر کەسێک کە لەگەڵ میزاجی ئێمەدا نەیەتەوە.

بۆچی مرۆڤ لەپشت شاشەکانەوە هێندە بێبەزەیی و دڕندە دەبێت؟ زانای گەورەی دەروونناسی و کۆمەڵناسی (گۆستاف لۆبۆن - Gustave Le Bon) لە پەڕتووکی "سایکۆلۆژیای جەماوەر"دا حەقیقەتێکی زۆر ترسناک دەردەبڕێت و دەڵێت: "مرۆڤ کاتێک دەچێتە ناو قەرەباڵغی و جەماوەرەوە (واتە دەبێتە بەشێک لە ترێند و شەپۆلی سۆشیاڵ میدیا)، کەسایەتییە هۆشیارەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەگەرێتەوە بۆ ئاستی ئاژەڵێکی دڕندە! چونکە لەناو قەرەباڵغیدا هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات و دەزانێت کەس نایگێرێتە پاڵ خۆی." ئەمەش ڕێک وەسفی ئەو کەسانەیە کە لە ژیانی ئاساییدا کەسانێکی ترسنۆک و بێدەنگن، بەڵام هەرکە دەچنە پشت کیبۆردەکانیان و دەبنە بەشێک لە "شەپۆلی کوردایەتییەکی ساختە"، دەبنە جەلادێکی بێویژدان و ئامادەن کەرامەت و مێژووی خەڵکی تر بە یەک کۆمێنت وێران بکەن.

بەڵام ئەگەر سەیری تەرازووی ئیسلام و فەلسەفەی ڕۆحی بکەین، ئەم "خوێنڕشتنە دیجیتاڵییە" یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکان کە عەرشی خودا دەهەژێنێت. زۆرجار ئێمە کۆمێنتێک دەنووسین و مۆبایلەکەمان دادەخەین و بە ئارامی دەخەوین، بێئاگا لەوەی ئەو چەند وشەیە خەوی لە خێزانێک زڕاندووە و دەروونی مرۆڤێکی وێران کردووە! پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) بۆ ئەوەی گەورەیی شکۆی مرۆڤمان بۆ وێنا بکات، ڕۆژێک سەیری پیرۆزترین بینای سەر زەوی (کەعبە) دەکات و دەفەرموێت: "چەندە مەزنیت و شکۆت چەندە گەورەیە، بەڵام سوێند بەو زاتەی گیانی محەمەدی بەدەستە، شکۆ و حورمەتی مرۆڤی باوەڕدار لای خودا، لە تۆ گەورەتر و پیرۆزترە!"

بەڵێ، کەرامەتی مرۆڤێک لە کەعبە پیرۆزترە! کەچی ئێمەی پاڵەوانەکانی کیبۆرد، ڕۆژانە بە ناوی "کوردایەتی" و بە پاساوی "بەرگریکردن لە حەق"، دەیان و سەدان کەعبەی ڕۆحی دەڕووخێنین و پەردەی حەیای یەکتر دەدڕێنین، پاشانیش وا هەست دەکەین خزمەتێکی گەورەمان بە نیشتیمان کردووە! خودای گەورە لە قورئاندا زللەیەک لەم وەهمەی مرۆڤ
دەدات و دەفەرموێت: {وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّنًا وَهُوَ عِندَ اللَّهِ عَظِيمٌ} (ئێوە وا دەزانن ئەوە شتێکی ئاسایی و بچووکە، لە کاتێکدا لای خودا تاوانێکی یەکجار گەورەیە).

بۆیە پێش ئەوەی پەنجەکانت بخەیتە سەر کیبۆرد بۆ دادگاییکردن و شکاندنی کەسێکی تر، باش بزانە کە نیشتیمان بە وێرانکردنی دەروونی تاکەکانی دروست نابێت. تۆ نەکراویت بە دادوەری زەوی تا بڕیار لەسەر ناپاکبوون یان دڵسۆزیی خەڵکی بدەیت. ئەرکی تۆ پاککردنەوەی ناخی خۆتە لە ڕق، نەک دابەشکردنی مۆری خیانەت. با لەم دادگا ساختەیەی سۆشیاڵ میدیا بێینە دەرەوە، چونکە ئەو کەسەی دادوەری خەڵکە لەم دونیایەدا، سبەی خۆی تاوانباری یەکەمە لەبەردەم دادگای خودادا!

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

"من کوردم و تۆ جاشی!"گەورەترین درۆ بۆ داپۆشینی بۆشایی عەقڵ! 🎭🗣️لە یاساکانی فیزیا و ژیاندا حەقیقەتێکی نەگۆڕ هەیە کە پێمان...
18/08/2026

"من کوردم و تۆ جاشی!"
گەورەترین درۆ بۆ داپۆشینی بۆشایی عەقڵ! 🎭🗣️

لە یاساکانی فیزیا و ژیاندا حەقیقەتێکی نەگۆڕ هەیە کە پێمان دەڵێت: تەنها ئەو تەن و دەفرانە دەنگی گەورە و ژاوەژاوی بێزارکەر دروست دەکەن کە لە ناوەوە بەتەواوی "بەتاڵن"! ئەم یاسا گەردوونییە ڕێک بەسەر دەروون و کەسایەتیی زۆرێک لە پاڵەوانەکانی ئەمڕۆی سۆشیاڵ میدیادا جێبەجێ دەبێت. ئێمە ڕۆژانە دەیان و سەدان کەس دەبینین کە لە ڕووی مەعریفی، زانستی، کارکردن و ئەخلاقییەوە هیچ سەرمایەیەکیان نییە بۆ پێشکەشکردن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو "بۆشاییە کوشندەیە"ی ناخیان بشارنەوە، پەنا دەبەنە بەر هەرزانترین و ئاسانترین جۆری خۆدەرخستن کە ناویان ناوە "کوردایەتی". لەبری ئەوەی بە خوێندنەوە و بونیادنانی عەقڵیان خزمەتی نیشتیمان بکەن، زۆر بە ئاسانی لە پشت شاشەی مۆبایلەکانیانەوە دادەنیشن و گەورەترین مۆری تاوان—کە جاشایەتی و ناپاکی و سووکایەتییە—دەدەن لە نێوچەوانی هەر کەسێک کە کەمێک لەوان جیاوازتر بیر بکاتەوە!

لێرەدا فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی (ئارتەر شۆپنهاوەر) پەردە لەسەر ئەم نەخۆشییە دەروونییە لادەدات و بە حیکمەتێکی یەکجار شۆککەر دەڵێت: "هەرزانترین جۆری شانازی، شانازیکردنە بە نەتەوەوە! چونکە ئەو کەسەی پەنا بۆ ئەمە دەبات، دەیسەلمێنێت کە لە ناخیدا هیچ خەسڵەت و بەهایەکی کەسیی نییە کە شانازیی پێوە بکات، بۆیە پەنا دەباتە بەر ئەوەی کە تەنها 'سەر بە نەتەوەیەکە' بۆ ئەوەی کەمکوڕییەکانی خۆی پێ دابپۆشێت." ئەمە ڕێک وەسفی حاڵی ئەو کەسانەیە کە لە ژیانی خۆیاندا بێبەرهەم و دۆڕاون، بۆیە دەیانەوێت بە سووکایەتیکردن و بە بچووککردنەوەی خەڵکی تر، لە دادگایەکی وەهمیدا بۆ ساتێک هەست بە گەورەیی و پاڵەوانبوون بکەن.

لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئیسلامیشەوە، ئەم پەلاماردانە کوێرانەیە یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە دڵ و ڕۆحی کۆمەڵگە وێران دەکات. شکاندنی کەرامەتی مرۆڤێک و تێکدانی ناوی لەسەر بنەمای گومان و جیاوازیی بۆچوون، ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی (البُهتان - بوختان پێکردن). پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) کاتێک باسی کێشی قورسی وشە و قسەی ئینسان دەکات، بە توندی هۆشداریمان پێدەدات و دەفەرموێت: «وَهَلْ يَكُبُّ النَّاسَ فِي النَّارِ عَلَى وُجُوهِهِمْ إِلَّا حَصَائِدُ أَلْسِنَتِهِمْ؟» (ئایا هیچ شتێک هەیە هێندەی بەرهەمی زمان و قسەی خراپ، خەڵکی بەسەر ڕوخساردا فڕێبداتە ناو ئاگرەوە؟!). ئایین پێمان دەڵێت نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە پاراستنی حورمەتی خەڵکەکەیەتی، نەک دڕاندنی پەردەی حەیایان.

بۆیە دەبێت تێبگەین کە دروستکردنی نیشتیمان و نەتەوە، بە جنێودان و تەخوینکردنی.یەکتر بونیاد نانرێت. نیشتیمان پەڕەی فەیسبووک و تیکتۆک نییە تا بە لایک و کۆمێنتی پڕ لە ڕق ئاوەدان بێتەوە، بەڵکو نیشتیمان پێویستی بە عەقڵی کراوە، دەروونی ساغ، و قبوڵکردنی یەکتر هەیە. هەر کاتێک بینیت کەسێک بەردەوام خەریکی دابەشکردنی بڕوانامەی نیشتیمانپەروەری و دەرکردنی مۆری خیانەتە بۆ خەڵکی، دڵنیابە کە ئەو کەسە لە قووڵاییدا وێرانەیەکی بێ ڕۆحە، دەیەوێت بە دەنگی بەرز ئەو بەتاڵییەی ناخی خۆی دابپۆشێت.

نیشتیمانپەروەریی ڕاستەقینە، پاککردنەوەی ناخ و بونیادنانی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، نەک دروستکردنی دادگایەکی ساختە بۆ لەسێدارەدانی یەکتر!

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

#تێڕامان #کوردایەتی #کۆمەڵگە #شۆپنهاوەر
#دەروونناسی #ئیسلام #فەرموودە
#کوردستان #هەولێر #سلێمانی

(چاوەڕێی بەشی دووەم بن...)

٢١ی تەممووز؛ ئەو ڕۆژەی "شێتی نەفس" و "گەورەیی عەقڵ"ـی پێکەوە کۆکردەوە!ئەمڕۆ کاتێک خەریکی خوێندنەوەی ڕاپۆرتێک بووم لەسەر ...
21/07/2026

٢١ی تەممووز؛ ئەو ڕۆژەی "شێتی نەفس" و "گەورەیی عەقڵ"ـی پێکەوە کۆکردەوە!

ئەمڕۆ کاتێک خەریکی خوێندنەوەی ڕاپۆرتێک بووم لەسەر Temple of Artemis - پەرتسگای ئارتمیس، سوتفەی ئەوەم کرد کە لە هەندێک سەرچاوە ئەڵێن لە ٢١ی ٧ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا سوتێنراوە و لە هەمان کاتدا هەر ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە مرۆڤ چووەتە سەر مانگ،
کەوایە ٢١ی تەممووز تەنها ژمارەیەک نییە لەسەر ساڵنامە، بەڵکو گەورەترین ئاوێنەی فەلسەفییە کە گەردوون خستوویەتییە بەردەممان بۆ ئەوەی دوو جەمسەرە هەرە دژبەیەکەکەی ناخی مرۆڤ ببینین. ڕۆژێک کە تێیدا ململانێی ئەبەدیی نێوان "شێتیی نەفس بۆ خۆدەرخستن" و "مەزنیی عەقڵ بۆ بونیادنان" دەگاتە لوتکە!

لە خاڵی یەکەمی ئەم مێژووەدا و لە ساڵی (٣٥٦ پێش زایین)، پەرستگای ئارتێمیس کە یەکێک بوو لە حەوت شاکارە هەرە مەزنەکانی تەلارسازیی جیهانی کۆن، بەتەواوی سووتا و
بوو بە خۆڵەمێش. کارەساتەکە لەوەدا نەبوو کە ئاگرەکە سروشتی بێت، بەڵکو گەنجێک بە ناوی "هێرۆستراتوس" تەنها لەپێناو ئەوەی ناوەکەی بچێتە مێژووەوە و بە زمانەکەی
ئەمڕۆمان ببێتە "ترێند"، ئەو شاکارەی ئەندازیاریی سووتاند!

ئەمە ڕێک وەسفی ئەو نەخۆشییە کوشندەیەی سەردەمی ئێمەیە، کە تێیدا مرۆڤەکان ئامادەن شکۆی خۆیان، ئەخلاقیان، و پەردەی حەیای ماڵەکانیان بسووتێنن، تەنها بۆ قەترەیەک ناوبانگی ساختە لە سۆشیاڵ میدیادا. حوججەتولئیسلام (ئیمامی غەزالی) پەنجە دەخاتە سەر ئەم گرێ دەروونییە و دەفەرموێت: "خۆشەویستی ناوبانگ و دەرکەوتن (حُبُّ الجَاهِ)، یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشییەکانی دڵ، مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستێک کە دین و دونیای خۆی لەپێناو چەپڵەی خەڵکدا وێران بکات!". قورئانیش بە ڕوونی ئاگادارمان دەکاتەوە لەم شێتییەی نەفس، کە مرۆڤ دەتوانێت تا لوتکەی وێرانکاری دابەزێت و ببێتە گەمژەیەکی ستەمکار {إِنَّهُ كَانَ ظَلُومًا جَهُولًا}.

بەڵام لە جەمسەری دووەم و لە بەرەبەیانی ٢١ی تەممووزی ساڵی (١٩٦٩)دا، مرۆڤایەتی گەیشتە لوتکەی مەزنیی عەقڵ و بەرەوپێشچوون، کاتێک "نیل ئارمسترۆنگ" بووە یەکەمین مرۆڤ کە پێ بخاتە سەر ڕووی مانگ! ئەم هەنگاوە تەنها گەشتێکی ئاسمانی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ تێڕامان، شەونخوونی، زانستی ئەندازیاری و بونیادنانی عەقڵی مرۆڤ بوو. ئەم ڕووداوە سەلماندنی ئەو ئایەتە گەورەیەیە کە خودا لە کاتی دروستکردنی ئادەمدا فەرمووی: {إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً} (من جێنشینێک لەسەر زەوی دروست دەکەم). کاتێک مرۆڤ عەقڵی بەکاردەهێنێت و ڕۆحی زاڵ دەکات بەسەر ئارەزووەکانیدا، دەبێتە خەلیفە و بونیادنەری گەردوون.

زانای مەزن (ئیبن تەییمیە) زۆر بە قووڵی ئەم دوو جەمسەرە جیا دەکاتەوە و دەفەرموێت: "نەفسی مرۆڤ هەمیشە حەزی لە پەلەکردن و ڕووخاندنە چونکە ئاسانە، بەڵام عەقڵ و ڕۆح سەبر و ئارامیان دەوێت بۆ بونیادنان". ڕووخاندنی پەرستگایەک تەنها پێویستی بە یەک چرکە شێتی و یەک حەزی نەفس بوو، بەڵام بونیادنانی کەشتییەک و گەیشتن بە مانگ، پێویستی بە تەمەنێک لە مەزنیی عەقڵ و سەبری ڕۆح هەبوو!

گەورەترین و سەختترین تێکۆشان لە ژیاندا، وەستانەوەیە بەرامبەر نەفسی خۆت (جهاد النفس). نەفسی ئێمە بەردەوام داوای "پاداشتی خێرا" و "چەپڵەی ئامادە" دەکات، دەیەوێت بەبێ ماندووبوون لە لوتکەدا دەرکەوێت. بەڵام پێگەییشتنی ڕاستەقینە ئەوەیە تێبگەیت؛ ئازادی ئەوە نییە کوێرایانە شوێن هەموو ئارەزوو و ترێندێک بکەویت، بەڵکو ئازادیی باڵا ئەوەیە توانای وتنی "نەخێر"ت هەبێت بۆ هەر حەزێک کە بەهای ڕۆحت دادەبەزێنێت!
زۆر گرنگە لە بێدەنگیدا، دوور لە چاوی کامێرا و ژاوەژاوی خەڵکی، خەریکی پەروەردەکردن و قایمکردنی بناغەی ناخت بیت. مەهێڵە وەهمی "دەرکەوتن بە خێرایی" بتباتە سەر ڕێگایەک کە تێیدا ڕەسەنایەتی و کەرامەتی خۆت بسووتێنیت. کاتێک بناغەکەت بەهێز بوو، لوتکەکەت بە شایستەیی خۆی دەردەکەوێت.

مێژووی ئەمڕۆ پێمان دەڵێت کە لە ناو ناخی هەریەکێک لە ئێمەدا، وێرانکەرێک بۆ ناوبانگ، و ئەندازیارێک بۆ گەیشتن بە ئاسمان خەوتووە! پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ تۆ ڕۆژانە خواردن بە کام دیوەی ناخت دەدەیت؟ ئایا وەک ئەو شێتەی مێژوو خەریکی سووتاندنی کات و وزە و شکۆی خۆتیت تەنها بۆ ڕازیکردنی چاوی خەڵک و کۆکردنەوەی لایک؟ یان وەک ئەندازیارێک، لە بێدەنگیدا خەریکی بونیادنانی عەقڵ و ڕۆحتیت بۆ ئەوەی بگەیتە لوتکە و شوێنپەنجەیەکی نەمر جێبهێڵیت؟

بڕوا ڕەشید
ئەندازیاری تەلارساز

#تێڕامان #مێژوو
#ئەپۆلۆ١١ #عەقڵ #نەفس #تەلارسازی #ئەندازیاری
#ئیسلام #قورئان #کوردستان #هەولێر #سلێمانی

Address

As Sulaymaniyah

Telephone

+9647501513512

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Architect Brwa Rashid - ئەندازیاری تەلارساز بڕوا ڕەشید posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Contact The Business

Send a message to Architect Brwa Rashid - ئەندازیاری تەلارساز بڕوا ڕەشید:

Shortcuts

Share